کــــێ پریــــــــــــگۆژیـــنی کــــوشــــت؟

کاتێک دوێنێ هەواڵی مردنی یڤگنی پریگۆژین سەرجەم مانشێتی ڕۆژنامەکانی گرتەوە، هەر زوو ژمارەیەک لە ڕەخنەگرانی ئاسایی بە وێنەی تامەزرۆی ڕەوەداڵێک لەسەر شاشەی تەلەفزیۆنەکانمان، بە دڵەڕاوکێیەوە لەپێناو هەڵگرتنەوەی ئێسکەکانی ئاژەڵێکی مردارەوەبوو لە ساڤانای ئەفریقا، دەرکەوتن.

قووڵترین و سەرنجڕاکێشترین پرسیاریان کە کردیان: ئایا پریگۆژین لە فڕۆکەکەدا بوو یان نەبوو؟ ئایا لە فڕۆکەکەدا لە ژیاندا بوو یان مردبوو؟ ئایا ڕێکخراوی ڤاگنەر لە ژیاندا ئەمێنێتەوە، یان لەناو ئەچێت؟ ئایا ئەکرێت ئەمە خاڵی وەرچەرخانێکی تر لە شەڕی ئۆکرانیا بێت؟ ئایا ئەبێتە هۆکاری ڕووخانی نزیک ڤلادیمێر پوتین؟ و هتد و هتد.

پرسیارەکان وەک غازی بۆرییەکی تەقیوو هەڵڕژانە دەرەوە. بەڵام وەڵامەکان هیچیان پێنەبوو. جگە لە یەکێکیان، کە سەرجەم ‘شارەزایان لەسەری کۆک بوون: تەواوی ڕووداوەکە یەکجار ئاڵۆزە. و ئەوەش، بۆ هێنانەوەی دەستەواژە بەناوبانگەکەی وینستن چەرچڵ بۆمان، کە ڕووسیا "مەتەڵێکە، لە نهێنییەکدا پێچراوەتەوە، لەناو مەتەڵێکی تردا"

یەکجار ڕوونە کە ئەم جۆرە مرواری حیکمەتانە بە شوێنێکمان ناگەیەنن. جگە لەوەش کەمێک بیرکردنەوە بەخێرایی خزمەت بە کردنەوەی گرێ‌ی هەموو نهێنی و مەتەڵەکان ئەکات. ئەوە نیشان ئەدات کە، دوور لەوەی کە ڕووداوەکە لەڕادەبەدەر ئاڵۆز بێت، ئەوەی ڕوویداوە، بە هیچ شێوەیەک مەتەڵ و نهێنی نییە، بەڵکو بەڕاستی شتێکی زۆر سادەیە.

پریگۆژین کێ بوو؟

یڤگێنی ڤیکتۆروڤیچ پریگۆژین (Yevgeny Viktorovich Prigozhin) ئەندامێکی ئۆلیگارشی ڕوسیا بوو. لە ئاستی نێودەوڵەتیدا وەک سەرۆکی ڕێکخراوی ڤاگنەری بەکرێگیراو ناسراوە، لە وێستگەیەکی داماوانەی ژیانیدا (ئەوترێت جارێکیان لە پترسبۆرگ هۆت دۆگی فرۆشتووە)، بۆ ئاستی پێگەیەکی باڵا لەنێو گرووپی دەسەڵاتداری کرێملین هەڵکشاوە، و بووەتە متمانەپێکراوێکی نزیکی ڤلادیمێر پوتین.

دوژمنەکانی بە سووکایەتییەوە بە “چێشتلێنەر (شێف)ەکەی پوتین” ناویان ئەبرد، خاوەنی چێشتخانە و کۆمپانیای خواردن و خواردنەوە بوو کە خزمەتگوزاری پێشکەش بە خودی کرێملین ئەکرد. بەڵام، هەروەک ئەوەی لینین جارێکیان لە سەر ستالین هۆشداری دابوو: ئەمە چێشتلێنەرێکە کە خواردنی بیبەراویی (توون) پێشکەش ئەکات.

پریگۆژین نمونەی کەسایەتییەکی بەرزیخوازیی (پاوانخوازێکی)کۆمەڵایەتی بوو: فێڵبازێکی پلەو پایەخواز بوو کە لێهاتوویییە تایبەتەکانی خۆی بۆ سەرکەوتن بەسەر جەمسەری خلیسکاوی و داکەوتوویی کە بووە هەڵکشانی بێوێنەی دەسەڵاتی دەوڵەت پەرەپێدا، کە لە قۆناغەکانی پشێویی دوای ڕووخانی یەکێتی سۆڤیەتەوە هاتبوونە ئاراوە.

ئەو لە هەرەخوارەوەی پلیکانەکانی دەسەڵاتەوە دەستی بە سەرکەوتن کرد، وەک کەسێک کە بە باشی ئاشنای ناوەوەی زیندانی سۆڤیەت بوو – نەک بەهۆی هیچ بەرخۆدانێکی قارەمانانە بەرامبەر بە ڕژێمی ستالین، بەڵکو بە ناونیشانی تاوانبارێکی بچووک.

لێهاتوویی وەک هەڵزنێکی کۆمەڵایەتی تەنها لەلایەن کەسێکەوە کە دواتر بوو بە مامۆستا و هاوڕێ و متمانەپێکراویی بەزێنرا: ڤلادیمێر ڤلادیمیرۆڤیچ پوتین، . هەرچەندە دوو ڕێگای زۆر جیاوازیان بۆ گەیشتن بە دەسەڵات گرتەبەر – یەکێکیان وەک تاوانبارێکی بچووک، کۆتا کەسێکی دەرەکیی؛ ئەوی تریشیان وەک ئەفسەرێکی بچووکی کەی جی بی – ئەوان لە ڕووی ئەخلاقی و دەروونییەوە سەر بە هەمان جۆر بوون: هەلپەرست و پیشەگەرانێکی بێپرنسیپ، لەگەڵ غرور و ویستخوازییەکی مەزن کە هاوتایان بوو.

ڕژێمێکی بۆناپارتیست 

لە دوای ڕووخانی یەکێتی سۆڤیەتەوە، ڕوسیا بەمانای تەواوی وشە مەیلی دژە شۆڕشی ئەزموون کرد. ئەمە تەنها پرسی لەناوبردنی ئابووری پلان بۆداڕێژراوی بەمیللیکراو نەبوو، بەڵکو توڕهەڵدانێکی گەورەی کولتوور بە مانای تەواوی وشەکە بوو.

ئۆلیگارشی بۆرژوازی کە ئێستا حوکمڕانی ڕوسیا ئەکات، لەڕێگای بەتاڵانکردنی سامانی دەوڵەتی سۆڤیەتەوە خۆی دەوڵەمەندتر کرد. بەڵام ئۆلیگارشەکان بەردەوام لە هەوڵدان تا پشکی زیاتر لەم سامانە بەدەست بخەن. ئەوان پێویستیان بە ‘مرۆڤی بەهێز’ هەیە تا یاسا و بەرژەوەندییەکانیان بپارێزێت. ناوی ئەم ‘مرۆڤە بەهێزە’ ڤلادیمێر پوتینە.

قەرەقۆز (موهەریج)ە سەرخۆشەکە، بۆریس یێڵسین بەوە ڕازی کرا کە لە بەرژەوەندی ڤلادیمێر پوتین دەست لەکار بکێشێتەوە.

ڕژێمی پوتین ڕژێمێکی بۆناپارتیزمی (Bonapartist) بۆرژوازییە. ڕەنگە هەوڵی هاوسەنگی لە نێوان چین و کوتلە جیاوازەکاندا بدات، بەڵام لە شیکاری کۆتاییدا لەسەر بنەمای توندوتیژی ڕێکخراو لە لایەن دەوڵەت، و ئۆرگانەکانی سەرکوتکردنی دەوڵەت دامەزراوە. بەڵام ئەم بنکەیە لە زامنکردنی سەقامگیری ڕژێم تەواو بەرتەسکە. پوتین پێویستی بە دروستکردنی چەند خاڵی پشتیوانی زیاتر هەیە.

لە ڕێگەی هەموو جۆرە مامەڵەیەکی بازرگانی شاراوە، فرت و فێڵ، دزی، و گەندەڵییەوە سامانێکی زۆری کۆکردووەتەوە. ئەمەش بەو مانایەیە بە هیچ شێوەیەک توانای بەرگەگرتنی لەدەستدانی دەسەڵاتی نییە، لەو نیگەرانی و ترسەوە کە بە زیندانیکردنی کۆتایی دێت. هەربۆیە ئەبێت بە هەموو شێوازێک کە لەبەردەستیدایە، دەست بە دەسەڵاتەوە بگرێت.

پریگۆژین ڕۆڵێکی گرنگ و چارەنوسسازی لەم ستراتیژەدا گێڕا.

پەندێکی ئینگلیزی هەیە ئەڵێت: “باڵندە شاپەڕدارەکان، پێکەوە لە ڕەوەیەکدا کۆئەبنەوە"، هەربۆیە تەنها پرسی کات بوو کە ئەم دوو بێئومێدە خۆیان لە یەکتردا بدۆزنەوە، و بە غەریزەیی درک بەوە بکەن کە ئەتوانن لە بەدواداچوون و پاوانخوازیی دەسەڵاتدا سوودێکی زۆریان بۆ یەکتر هەبێت.

تاکە پرسیار لەم هاوکێشە سەرنجڕاکێشەدا ئەوە بوو: کێ ئەوی تریان بەکاربهێنێت؟

مرۆڤ ناتوانێت بڵێت نە پوتین یان هاوڕێ‌ێ تاوانەکانی، هیچ نیشانەیەکی سەرنجڕاکێشی توانایی فیکرییان هەبووبێت. ئەم جۆرە تاکانە دێدگاو سووکایەتییەکی چەسپاوو ڕیشەدارانەیان بەرامبەر ڕۆشنبیران هەیە: ڕق و کینەیەکی قووڵ لە گشتاندنە تیۆرییە فراوانەکانی هەر جۆرە ڕۆشنبیرییەک.

نەخێر! خۆیان وەک پیاوی کردار ئەبینن. ئەوان پەیڕەوی لە دروشمی ئاهەنگگێڕانی گۆتە ئەکەن (هەرچەندە ڕەنگە هەرگیز لەبارەیەوە نەیانبیستبێت): "لە سەرەتادا کردەوەکە بوو." و ئایا چ کردەوەیەک ئەتوانێت لە کردەوەی توندوتیژیی زیاتر کاریگەرتر بێت؟

ئەمە مەبەست لە ئەسکەندەری مەزن بوو کاتێک بە شمشێرەکەی گرێکوێرەی گۆردیانی بڕی، چونکە توندوتیژی، لە دوا شیکاریدا، لە پشت هەموو دەسەڵاتێکەوەیە، جا ئەو دەسەڵاتە هێزی ڕێکخراوی دەوڵەت ، یان توندوتیژی بچووکی باندە تاوانکارییەکانی نێو شەقامەکان بن.

هەردووکیان بە تەواویی لەم وانەیە تێگەیشتبوون، هەرچەندە لە دوو جۆر کۆتایی جیاوازی تەیفی کۆمەڵایەتییەوە بوو. جۆرێک لە هاوژیانیی قازانبەخشانەیان بە هەردوولا دامەزراند. 

پوتین ڕێگەی بە پریگۆژین دا بە ئازادی بەشداری لە تاڵانکردنی دەوڵەتدا بکات، و لە بەرامبەردا خزمەتگوزارییەکانی چەکدارێکی دڵسۆزی کڕی کە ئەتوانرێت بۆ ئەنجامدانی هەر ئەرکێک پشتی پێببەسترێت – هەرچەندە جێناکۆک یان قێزەون بێت – کە لەلایەن سەرۆکەوە لە کرێملین فەرمانی پێکرابێت.

هەنگاوێکی بنەڕەتی لە پێشکەوتنی پارێزبەندیەکەی دامەزراندنی کۆمپانیای ڤاگنەر بوو – کۆمپانیایەکی تایبەتی بەکرێگیراوان کە دەستێکی ئازادانەی بۆ کارکردن لە ناوەوە و دەرەوەی ڕووسیا پێبەخشرابوو– بەتایبەت لە ئەفریکا، کە لە کانگا قازانجبەخشە گەورەکان و گرێبەستەکانی تردا بەشداربوون، لەپاڵیدا پێشکەشکردنی یارمەتی سەربازیی بۆ ئەو ڕژێمانەی کە وەک دۆستانەی ڕوسیا پۆلێن کرابوون و چاویان لێئەکرا. 

ئەمە پرۆژەیەکی قازانج بەخشی گەورە بوو، کە پریگۆژینی بە شێوەیەکی ئەفسانەیی دەوڵەمەند کرد. و غرور (ئیگۆ)ی خۆی تا ئاستێک قەبە کرد کە خۆی وەک ڕکابەرێکی پۆتانسێلی ئاغاکەی چاو لێئەکرد. 

ئەمە لە ڕوانگەی تەندروستی و خۆشگوزەرانی تاکەکەسیی ئەوەوە پێشهاتێکی زۆر ئامۆژگارکەرانەی نەبوو. بەڵام لە ژیان بە گشتی و لە سیاسەتدا بە تایبەتی، ئەم جۆرە شتانە لۆژیکێکی تایبەت بە خۆیان هەیە.

لە گێژاویی سەرکەوتندا، پێئەچوو پریگۆژین ئەو ڕاستییەی لەبەرچاو نەگرتبێت کە هێشتا بە تەواوی وابەستەی دەوڵەتی ڕوسیایە – واتە لە دوا شیکاریدا بە ڤلادیمێر پوتینەوە وابەستەیە.

لەڕاستیدا بەپێی لێکۆڵینەوەیەکی ساڵی ٢٠٢٢ی هەردوو ڕۆژنامەی  (The Insider) و (Der Spiegel)، چالاکییەکانی پریگۆژین “بە تەواویی لەگەڵ وەزارەتی بەرگری ڕوسیا و قۆڵە هەواڵگیرییەکەی هاوتەبایە"

یاخیبوونی مانگی جوون

جەنگی ئۆکرانیا خزمەتێکی زۆری بە فوودانی (قەبەکردنی) زیاتری غروری پریگۆژین کرد. هەڵە سەرەتاییەکانی فەرماندەیی سوپای باڵای ڕوسیا، بە پێچەوانەی سەرکەوتنەکانی کۆماندۆکانی ڤاگنەر لە بەخموت، کاریگەرییەکی دوولایەنەیان هەبوو.

یەکەم : شکۆمەندی پریگۆژین و ڤاگنەری زیاد کرد، ئەمەش بووە هۆی جێگای نیگەرانی و تووڕەیی فەرماندەیی سوپا، کە کاردانەوەی لە کەمکردنەوەی پێداویستییەکان بۆ ڤاگنەر و بەم شێوەیەش شێواندنی ئۆپەراسیۆنەکانی لە ئۆکرانیا هەبوو. ژەنەراڵەکان فشاریان خستە سەر پوتین تا بە تەواوی ڤاگنەر هەڵبوەشێنێتەوە و بیخاتە نێو هێزەکانی سوپای فەرمییەوە.

ئەمەش بە توندی لەلایەن پریگۆژینەوە بەرەنگاری کرا، کە بە تووڕەییەوە ژەنەڕاڵ سێرگی شۆیگو (Sergei Shoigu) و گێراسیمۆڤ (Gerasimov)ی بە ناکارامەیی سەرکۆنە کرد. لە کۆتاییدا ململانێکان بە یاخیبوونێکی شکستخواردوو بە سەرۆکایەتی پریگۆژین لە مانگی جوون کۆتایی هات، ئەوەی بە ڕێپێوان بۆ سەر مۆسکۆ ناونراو و بە داڕمانیش کۆتایی هات.

پریگۆژین چی ئەویست؟

ئەو ڕووداوانەی کە بوونە هۆی شکستهێنانی یاخیبوونەکە تا ئێستا ڕوون نین. ئایا پریگۆژین خەیاڵی ئەوەی هەبوو تا پوتین بڕوخێنێت و دەسەڵات بگرێتەدەست ؟ ئەگەری ئەم خاڵەیان پێئەچێت زەحمەت بێت، هەرچەندە وا ئەهاتە بەرچاو کە هەڵسوکەوتی پریگۆژین حیساب بۆکراوبێت تا جیابوونەوەیەکی ئاشکرا لەگەڵ ئاغاکەی بورووژێنێت.

هەرچەندە هیچ ڕەخنەیەکی ڕاستەوخۆی لە پوتین نەگرت، ڕەخنەو هێرشەکانی لە شۆیگو و جیراسیمۆڤدا قەتیس کرد، بەڵام پریگۆژین بێئاگا نەبوو لەوەی کە بەم کارەی، پەیامی ئالنگارییەکی ڕاستەوخۆ بۆ خودی سەرۆک کۆمار ئەنێرێت.

پریگۆژین هەر لە زانیارییە شەخسییەکانی خۆیەوە سەبارەت بە ڤلادیمێر پوتین،ئەبێت باش ئاگاداری ئەوە بووبێت کە پوتین کەسێکە تەنانەت بەرگەی بچووکترین ناڕەزایەتیش ناگرێت. سووکترین ڕەخنە لە ئەنجامدا توندترین سزای لێئەکەوێتەوە.و تەنانەت بەشداریکردن لە خۆپیشاندانێکی ئاشتیانەشدا ئەکرێت سزای زیندانیکردنی درێژخایەنی لێبکەوێتەوە.

لەگەڵ ئەمەشدا مرۆڤێک هەبوو کە سەرکردایەتی ڕاپەڕینێکی چەکداریی دژی حکومەت کرد ،ڕاپەڕینێک کە بووە هۆکاری کوژرانی ژمارەیەک کارمەندی سەربازیی.

ڤلادیمێر پوتین هەستەکانی خۆی زۆر زیاتر لە ڕوونکردنەوەش دەربڕی. ئەم یاخیبوونەی بە "خیانەت" و "چەقۆدان لە پشتەوە" لە دژی ڕوسیا پێناسە کرد. بەڵێنیدا تاوانباران سزا بدات. بەڵام سەرکردەکانی یاخیبوونەکە هەرگیز دەستگیرنەگیران، دادگایی نەکران، و تەنانەت بە هیچ تاوانێکیش تۆمەتبار نەکران.

ئەوترێت پریگۆژین وەک میوانی ڕێزلێنراوی سەرۆک لوکاشینکۆ بانگهێشت کرا تا بچێتە بیلاڕوس و هەموو ئەو ڤاگنەرانەش لەگەڵ خۆیدا ببات کە دڵسۆزیان بۆی مابووەوە، ئەوانی تریش بژاردەیان هەبوو، یا بچنە ناو سوپای ڕوسیا یان بگەڕێنەوە بۆ ماڵەکانیان.

ئەمە تەنانەت سزادانێکی سادەش نەبوو.

لەسەر ئەم سازانەی ڕێکەوتنی هەردوولا (کۆتاییهێنان بە یاخیبوون لە بەرامبەر پارێزبەندی لە بە دواداچوونی دادگایی) ڕۆژنامەیەکی ڕوسی بەم شێوەیە توانجی خۆی نوسی:

"ئەم جۆرە سازانە بە شێوەیەکی ئاسایی لەگەڵ نەیارانی سیاسی ئەنجام ئەدرێت. هەرگیز لەگەڵ تاوانباران و تیرۆریستان ئەنجام نادرێت. ئایا ئەمە بە مانای ئەوەیە کە ئێستا ئێمە وەک کەسایەتییەکی سیاسی سەیری بەڕێز پریگۆژین بکەین؟”

خەڵکی مۆسکۆ و شوێنەکانی تر مانەوە و پێیان سەیر بوو چی ڕووئەدات. بەڵام ئێستا چیتر پێویستییان بەم سەرسوڕمانە نییە.

تۆڵەکردنەوە، خواردنێکە کە بە ساردی پێشکەش بکرێ (ئیدیۆم)

جۆ بایدن سەرۆک کۆمار ئەڵێت "سەری سوڕ نەمابوو" بە هەواڵێک کە ڕەنگە پریگۆژین لە ڕووداوێکی کەوتنەخوارەوەی فڕۆکەیەک لە ڕوسیا گیانی لەدەستدابێت. بایدن ڕایگەیاند :"بەڕاستی نازانم چی ڕوویداوە، بەڵام سەرم سوڕ نامێنێت"، ئەمەشی زیادکرد :"زۆر شت لە ڕوسیا ڕوونادەن ئەگەر پوتینیان لە پشتەوە نەبێت، بەڵام هێشتا بە ئەندازەی کافی نازانم تا وەڵامەکە بزانم".

لە پشت ئەم دەستەواژە دیپلۆماسییەوە پەیامەکە بە دەنگێکی بەرز و ڕوون خۆی بەیان ئەکات:

پوتیـــــن پریــــــــگۆژینی کوشــــــت!

ئایا ئەمە زۆرترین ئەگەری ڕوونکردنەوەیە؟ کە زۆرترین ئەگەرە – لە ڕاستیدا، تاکە ئەگەری باوەڕپێکراویشە. پوتین هەموو هۆکارێکی هەبوو تا ئارەزووی خۆڕزگارکردن لە پریگۆژین بکات، و هیچ تاکە هۆکارێکیشی نەبوو تا لە خاکی زیندوواندا بیهێڵێتەوە.

بە هیچ شێوەیەک سەیر نییە کە فەرمانی کوشتنی بدات. بەڕاستی زۆر سەیر ئەبوو ئەگەر ئەو کارەی نەکردبا. هەروەک ئەوەی دەرفەتی چاودێریکردنمان بۆ ڕەخسا، ڤلادیمێر ڤلادیمیرۆڤیچ، مرۆڤێکە یەکجار حەساسە. نە لێخۆشبوونی هەیە و نە لەبیریش ئەکات.

تەنانەت بچووکترین سووکایەتیش درەنگ یان زوو تۆڵەی لێئەکرێتەوە. و ئەوەی پریگۆژین ئەیووت و ئەنجامی دا هەروا شتێکی بچووک و سادە نەبوو. لە مانگی جوونی ڕابردوو ئەو شتەی بە سووکایەتیکردنێکی زەلیلکەرانە بە پوتین گەیاند. وە باجی حەتمی بوێرییەکەی دا.

تۆڵەسەندنەوە وەک ئەیڵێن خواردنێکە پەسەندترە بە ساردی پێشکەش بکرێت. ئەمە هەڵسوکەوتیکی باوی سەردەمی ئیمپراتۆریەتی ڕۆمانەکان بوو، کاتێک ئیمپراتۆر بیویستایە لە دەست کەسێک ڕزگاری بێت بانگهێشتی ئێوارەخوانێکی کۆشکی ئەکرد، بەڵام خۆی ئەبینییەوە کە هێرشی ئەکرێتە سەر و ئەبەسترێتەوە، و بە چەندین شێوازی وێنەیی جیاواز لە سێدارە ئەدرا... بۆ بەکات بەسەربردنی میوانەکان.

ئاسایی‌یە گەر پوتین هاوڕێ کۆنەکەی ڕازی بکات کە واز لە یاخیبوونەکەی بهێنێت لە بەرامبەر چەند مەرج و تێرمی لیبراڵیی کە هاوڕێیەتی کۆن و تێگەیشتنی دوو لایەنە خواستیەتی.

وادەرئەکەوێت کە سەرەڕای پێشنیاری(مەنفا) دوورخستنەوەی بۆ بێلاڕوس، پریگۆژین چالاکانە لە چەندین بۆنەی نێو فیدراسیۆنی ڕوسیادا بینراوە، تەنانەت لە میوانداریکردنی ئەم دواییانەی سەرۆکی دەوڵەتانی ئەفریقا لە کرێملین ئامادە بووە. پێویست ناکات ئەوە بڵێین کە هیچکام لە ئامادەبوونی لەم بۆنانە بەبێ ڕەزامەندی ئاشکرای ڤلادیمێر پوتین ئەنجام نەدراون.

بەم شێوەیە پریگۆژینی بەدبەخت خەیاڵپڵاوی هەستکردنێکی درۆینەی ئاسایش بوو، بە سادەیی وێنای ئەوەی ئەکرد کە هاوڕێ کۆنەکەی لە گوناهەکانی خۆش ئەبێت و لەبیری ئەکات. ئەگەر ئەمە وا بووایە، ئەوا هەڵسەنگاندن و حوکمێکی یەکجار هەڵەی جدییانە کرد کە لە کۆتاییدا بووە هۆکاری کوشتنی لە ڕووداوێکی تێکشکانی ئاسمانی نهێنیدا، ئەو کاتانەی لە مۆسکۆوە بۆ پترسبۆرگ گەشتی کرد.

ئەمە یەکەمجار نییە کە پوتین بە قڕکردنی جەستەیی دوژمنەکانی لەناو ببات. لە ڕاستیدا لیستەکە تا ڕادەیەک درێژ و جۆراوجۆرە. شانۆگەری ڕووداوی کەوتنەخوارەوەی ئاسمانی ئامرازێکی یەکجار سادەی گەیشتن بەم ئامانجەیە، و بە تەواوی ئەگەری ئەوە زۆرە کە بەم شێوەیە ڕوویدابێت. لانی کەم لەسەر ئەم بابەتە هیچ هۆکارێکمان بۆ ناکۆکیی لەگەڵ جۆ بایدن نییە.

بەڵام لۆژیکی ناوەوە و ماناداریی ئەم ڕووداوانە بە تەواوی بابەتێکی جیاوازن. هیچ سەیر لەوەدا نییە کە ڕژێمێکی بۆناپارتی پەنا بۆ میتۆدێکی لەم جۆرە ببات. ڕژێمێکی بۆناپارتیست بە سروشتی خۆی ناسەقامگیرە. بۆناپارتیزمی ڕوسیش لەم لێکدانەوەیە بێبەری نییە.

لە پشت دیمەنەکانی دەرکەوتنی پتەوەی‌یەوە، ڕژێمی پوتین لە بنەڕەتدا ناسەقامگیرە. دژایەتی، درزو کەلێن، و ململانێیەکی زۆر لە نێوان بەشە جیاوازەکانی ئۆلیگارشی ڕوسیدا بوونی هەیە، و بە ناچاری ئەم ناکۆکییانە لە ڕێرەوەکانی قۆناغی داهاتوودا گەشەو باڵا ئەکەن.

درز وکەلێنەکانی نێوان پوتین و پریگۆژین تەنها دیارترین نموونەی ئەم دابەشبوونەیە. کێشەی دەستبەجێ بە ڕێگایەکی سادەی تیرۆرکردنی دەوڵەت کۆتایی پێهێنراوەو چارەسەر کراوە. بەڵام لە ڕاستیدا، هیچ بڕە سەرکوت و توندوتیژییەک ناتوانێت خزمەت بە نەهێشتنی لاوازییە بنەڕەتییەکانی دەسەڵاتی ئێستای ڕوسیا بکات.

بەڵام هاتوهاواری حەتمی ڕۆژئاوا بە تەواوی لە جێگای خۆیدا نییە. ئەوان پێشبینیان کردبوو کە یاخیبوونی مانگی جوون ئەبیتە هۆکاری شەڕی ناوخۆ لە ڕوسیا. ئەوان هەڵە بوون. پوتین بەبێ هیچ سەختییەکی زۆر مامەڵەی لەگەڵ ئەو ڕووداوەکەدا کرد – هەرچەندە ئەوە ڕوون بوو، کە بۆ خودی پوتین و دارودەستەکەی وەک شۆکێک وابوو.

هەروەها ئەم ڕووداوە هیچ کاریگەرییەکی ڕاستەقینەی لەسەر شەڕی ئۆکرانیا نەکرد، کە سەرباری هەموو هیواکانی ڕۆژئاوا پێ‌ی، بۆ ئۆکرانیا بەبارێکی خراپدا تێئەپەڕێت. میزاجی ماندووێتی دانیشتوان لە جەنگ بە تێپەڕبوونی کات لە زیادبووندایە. ئەو ‘دژە هێرشانە’ی کە زۆر بەیتوبالۆرەیان بۆ لێئەدرێت، تووشی شکستێکی زەلیلانە بووەتەوە.

دابەشبوونەکانی ڕژێمی ئۆکرانیا زۆر لەوە توندوتیژتر دەرئەکەون وەک ئەوەی ئێستا لە ڕوسیا چاودێری دەکەین. گوشارەکان لەسەر زێلێنسکی بۆ دانوستان لەسەر بنەمای قوربانیدان بە خاک لەپێناو زامنکردنی ئاشتی خەریکە توندتر ئەبێتەوە. ڕەنگە ئەنجامەکەی ڕووخانی حکومەتی کیێڤ، کودەتا یان تەنانەت تیرۆرکردنی خودی زێلێنسکی بێت.

ئەی چی دەربارەی ئەو هەموو گرژی، ململانێ و دژایەتیانەی کە لە نێو ڕژێمە بەناو دیموکراسیەکانی ڕۆژئاوادا هەن؟ ڕاستە جۆ بایدن چێژ لە ئەگەری نەهێشتنی جەستەیی دوژمنەکەی، کە دۆناڵد ترەمپە، بەهرەمەند نییە. ڕووداوێکی تێکشكانی ئاسمانیی بەختەوەرانە وەک چارەسەرێکی دەستبەجێ بۆ کێشەکانی دەرناکەوێت – لانیکەم لە داهاتوویەکی نزیکدا.

سەرەڕای ئەوەش، پەلەپروزکێ‌ی ناشایستانەی دامەزراوەکانی ئەمریکا بۆ ڕزگاربوون لە مەترسی سەرکەوتنی ترەمپ لە هەڵبژاردنەکانی داهاتووی سەرۆکایەتیدا بە گرتنە بەری ڕێگایەکی سادەی دادگایکردنی، بە هیچ شێوەیەک لەو پاڵنەرەی کە پیاوەکەی کرێملین بەدوایدا ئەگەڕێت تا چارەسەری کێشە سیاسییەکانی پێبکات، هیچ جیاوازییەکی نییە.

بە هیچ شێوەیەک ئەوە ڕوون نییە کە شەڕی ناوخۆ لە ڕووسیا دەستپێبکات پێش ئەوەی شەڕی ناوخۆ لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ڕووبدات. دژایەتییە ئابووری و کۆمەڵایەتی و سیاسییەکانی ئەمریکا کەمتر مەترسیدارتر نین لە دژایەتییەکانی نێو ڕوسیا ، ئەگەر زیاتریش نەبن!

با ئەوە بە بیر خۆمان بهێنینەوە، کە ئەوەندە ماوەیەکی زۆر نییە تاقمێکی زیاد لە دوو هەزار ئاژاوەگێڕ هێرشیان کردە سەر کۆنگرێسی ئەمریکا و زۆربەیان بەشێکی باڵەخانەی کاپیتوڵیان خراپ و تاڵان کرد، لەوانەش نووسینگەکانی نانسی پیلۆسی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران و ئەندامانی تری کۆنگرێس.

 هەروەها ئاژاوەگێڕان هێرشیان کردە سەر پەیامنێران و ئەفسەرانی پۆلیسی کاپیتوڵ، و هەوڵیان دا شوێنی یاسادانەران بدۆزنەوە تا دەستگیریان بکەن و زیانیان پێ بگەیەنن. ئەم ڕووداوانە شایەدی لەسەر ئەو کەلێنە قوڵانەی کە کۆمەڵگەی ئەمریکا دابەش ئەکەن، ئەدەن.

لە ڕاستیدا سەرجەم جیهانی ڕۆژئاوا بەهۆی قەیرانی قووڵی سیستەمی سەرمایەدارییەوە دەرگیری لاوازی و تێکچوون ئەبێت، کە ئەتوانرێت زۆر خێراتر لەوەی زۆربەی خەڵک وێنای ئەکات، لە قەیرانێکی شۆڕشگێڕانەدا بگیرسێتەوە.

سەرچاوە : لە بەرگری مارکسیزم‌دا


بۆناپارتیست (ئایدۆلۆژیایەكى سیاسی یە كە لەلایەن ناپلیۆن بۆناپەرت و شوێنکەتووانییەوە درێژەى پێدرا، زاراوەکە بۆ ئاماژەکردن بەو کەسانەیە کە هیواخوازن شێوازی دەسەڵات و حکومەت بگەڕێننەوە سەر هەمان ڕێچکە. 

 “باڵندە شاپەڕدارەکان، پێکەوە کۆئەبنەوە"  : [لە زمانی کوردیدا پەندێکی هاوتامان هەیە کە ئەڵێ مەنجەڵ بە دوای سەرقاپی خۆیا ئەگەڕێت]، یان [تەیری گول عاشق بە داری زەقنەبووتە]، کە هەمان مانا ئەبەخشن لە هاوتابوونی دوو کەس کە خاوەنی هەمان بیرکردنەوە و ڕەفتار بن.

بڕینی گرێی گۆردیان : دەستەواژەیەکە بە واتای دۆزینەوەی چارەسەرێکی بوێرانەیە بۆ کێشەیەکی ئاڵۆز.